تەندیس
تەندیسێكیان ساز كرد ، تەندیسی كچێك ، باڵا بەرزێكی چاو كاڵ . كچە یان بردە ناو ژوورێك ، لەوێ تەندیسێكی تری بینی ، زۆر بێ دەماخ سەیری ئەمی دەكرد و هیچی نەدەگوت ، تا ماوەیەك .بەر بەیانێك دی ئەو تەندیسە نەماوە . لە گەل خۆی وتی بڕیا ئەویان بۆ شوێنێكی تر بردبێت ،خۆی مابوو و ژوورەكەی ، هەستی دە كرد جوانترین و ڕازاوەترین تەندیسی سەر گۆی زەمینە ، ڕۆژ و شەو نوێژی دەكرد و شوكرانە بژێری خودای خۆی بوو ، قژی كاڵی خۆی بە دەستە بەردینەكانی دائەهێنا و چاوەڕوانی خودایەك بوو كە بێت و باس لە جوانی ئەم كچە بێ نازە كات ، دوای ماوەیەك چاوەڕوانی ، خودا نەهات ، بەڵام تەندیسێكی تری هەنارد بۆ ناو ژوورەكەی ، باڵا بەرزتر و زۆر جوانتر لە خۆی ، لە یەك چاو تروسكاندن كچە ڕووخا ، دڵی شكا ، دونیای گۆڕا ، هەر جار سەیری ئەو تەندیسی ترەی دەكرد چاوانی پڕ دەبوو لە فرمێسك ،بۆ چەند ڕۆژێك نە نوێژی كرد نە جارێكیش قژی كاڵی خۆی داهانی ، دڵ گیراو سەیری ئەستێرە و ئاسمانی دەكرد ، بێ ئومێد و بێ ئامانج و بێ هەتاو . نازانم چۆن بوو و چی ڕووی دا ، هوجمیان بردە سەری دەست و لاقیان بەست و بردیان خستیانە نێو زبڵدانێكی گەورە قەتیش نەیزانی گوناهی چی بوو و بۆ چی بێ هۆ خۆی و جەستەی كەوتنە نێو ئەو هەموو تەندیسە لەت لەت كراوە
ئەزانم كە پڵتۆكێك بەسە بۆ رووخاندنی ئەم دڵەم