خۆر وەك ڕۆژانی تر نەبوو ، بێ دڵ و بێ دەماخ لە سەر شارێكی زیندوو ئاوا بوو ، هەستی دەكرد ئەمڕۆش وەك ڕۆژانی ترە ، چاوی لە هەمووی شار بوو : منداڵێك و تۆپێكی فوتبۆڵ ، دایكێك ، بێشكەیەك و لایەلایە ، دەس لە ملانێك لە نێو كۆڵانێكی چۆڵ ، هاوارێك بێدەنگ . هەمووی وەك ڕۆژانی تر بوون ، بەڵام ئاخ بۆ بزەیەكی ئەم خۆرە لووتنە ، دڵی گیرا بوو ، چاوی قونجاندبوو و گوێی بۆ لایەلایە دەگرت .خۆیشی نەیزانی چی بوو ، كتووپڕ دەنگێك هات و ڕایچڵەكاند ، چاوی كردەوە ، شارێكی دوكەڵاوی بینی ، نە منداڵەكە بینی نە تۆپەكەی ، نە دایكە دیار بوو نە بێشكەكەی ، تەنیا دەنگێك دەهات : 'ڕۆڵە گیان مەگری ، مەگرە بەهانە ، دایەت ماندووە ، بۆچ خەوت نایە ' . منداڵ و شار گوێیان بۆ قسەی دایك گرت و بێدەنگ بوون ،بەڵام چ بێدەنگیەك ، با دایە گیان لێیان نەڕەنجێت ، دووكەڵ لاچوو ، خۆر مابوو و 5000 پەپوولەی نووستوو ، دڵی تۆقی ، هەستی كرد سەری لێ شێواوە و ڕۆژی ئەمڕۆ لە ڕۆژانی تر درێژتر بووە ، ویستی بڕوا ، مانگ نەیهێشت : مەڕۆ جارێك تا شەو زۆرمان ماوە ، بەڵام خۆر تەنیا ئەیویست بڕوات ، هەزاران جار بە تیشكی خۆی ڕووناكی بە لەشی مردووی بێ تاوانترین مرۆڤ دابوو ، هەزاران جار فر مێسكی دایكێكی جەرگ سووتاوی لە سەر گۆنای دایكە وشك كردبوو ، ئەمجاریش مرۆڤەكان بێ تاوانی بێ تاوان بوون . بەڵام دایكە نەیدەتوانی فرمێسك بڕژێنێت ، یەكەم جار بوو خۆر لە ئاوا بوونی خۆی شەرمەسار بووبوو ، لە بەر ئەوەی بە گزنگی جوان و پڕشنگداری خۆی نەیتوانیبوو یارمەتی خەڵكێكی زكاو بدات .
شەویش هات بێ ئەوەی هیچ باوەشێك بێت بۆ چاوەڕوانی لە بەر ئەوەی هەموان چووبوونە باوەشی مەرگ . لەو شەوەدا ئەستێرەكان دەستەو ئەژنۆ بۆ زەوینی پڕپەژارەیان دەڕوانی ، دەتگوت ئەوانیش ئەمشەو ڕوناكیان كەم بووەتۆ ، مانگ بێ بەین فرمێسكی دەڕشت و لە گەل خۆی ئەمەی ئەگوت : ئاخۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە بۆ وا بێ بەزەیین ؟ چاوانی سوور هەڵگەڕا بوو ، هەستی دەكرد ئەم شەو كۆتایی دونیایە ، لە ناكاو بیستی : دەنگی هەنسكە هەنسكی منداڵێك ، جیڕە جیڕی بێشكەیەك ، تەپە تەپی تۆپێك و لە كۆتاییش دەنگی ماچێكی سووك . لەو شەوە بێدەنگە گوڵەكان پۆرگەكانیان هێنا بوو تا خەڵكی شار لە باتی دەوا كەڵكی لێ وەرگرن و برینی لە دەست دانی كەسەكانیان لە بیر بەرن . مەلەكانیش باڵی یارمەتیان لێدا و بە فڕینەوە هاتن تا ماڵێكی تر بۆ ئەو خەڵكە بێ ماڵ و ئاوارەیە بكەنەوە ، ماڵێك لە گوڵ. چەند چركە مابوو تا بەهار ، بەڵام ئەی سەوزەگەڵام تۆ هێشتا زیندوویت ، نە گەڵاڕێزانی پاییز نە ئەم زستانە سارد و سڕە نەیانتوانی هەڵت وەرێنن . با دونیایش بڵێت پاییز بۆ گەڵا ڕێزانە و زستان بۆ نه مان.